رەشنووسێکی دزەپێکراوی ڕێکەوتنی ئێران بۆ ئەمریکا, تهنها له ڕووداو٢٤
مامەڵەیەکی شەرمەزارکەر یان تاکتیکی مانەوە؟
دوای ٤٧ ساڵ دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، گەیشتنە پێشنیازی "سەرانە" و ڕادەستکردنی وڵاتی ئێران،
هەروەکو ئەو گرێبەستەی ساڵی ١٩١٩ی ئێران بۆ بەریتانیا؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە نزیکەکانەوە لەم خولەی نوێی دانوستانەکانەوە دزەیان کردووە و دهست ڕووداو٢٤ کەوتوە، باس لەوە دەکرێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران زنجیرەیەک پێشنیازی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە کە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هاوشێوەی گرێبەستی ١٩١٩ی نێوان ئێران و بەریتانیایە.
بەپێی زانیاریی، پێشنیازەکان لەسەر ئەم سێ خاڵە جەوهەرییە وەستاون:
١. مافی فرۆشتنی نەوت و ئیمتیازی کانزاکانی ئێران بدرێت بە ئەمریکا، بەجۆرێک کە واشنتۆن بڕیار لەسەر فرۆشتن و بڕی داهاتەکە بدات و بەشێکی بۆ ئێران بێت.
٢. ئەو پشکەی کە بۆ لایەنی ئێرانی دەمێنێتەوە، بەکاش پێی نەدرێت، بەڵکو تەنها بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بنەڕەتی و پێداویستییەکانی بەکاربردن لە وڵاتی ئەمریکاوە بەکاربهێنرێت.
٣. ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت و تاوەکو کۆتایی خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپە و نوێکردنەوەی بەستراوە بێت بەوەی کە ئایا ئەمریکا لە ڕەفتارەکانی ئێران ڕازی دەبێت یان نا. ئێستا بابزانین دەستکەوتی ئێران لەم مامەڵەیەدا چییە؟
جێگەی سەرنجە کە لە بەرامبەر ئەم هەموو ئیمتیازە گەورەیەدا، باس لە لادانی تەواوەتی گەمارۆکان ناکرێت، دەستکەوتی ئێران تەنها بریتی دەبێت لە "هێشتنەوەی خامنەیی" و "هێرش نەکردنی سەربازی" و "زیاد نەکردنی گەمارۆ ئابورییە نوێیەکان"، بە واتایەکی توندتر، ئەمە جۆرێکە لە پێدانی "سەرانە" لەلایەن ئێرانیەکانەوە بۆ مانەوەی دەسەڵات.
ئەم پێشنیازانە چەند ڕاستییەکی تاڵ دەخەنە ڕوو: * باجی ٤٧ ساڵ مەرگ بۆ ئەمریکا، ئەوەندە ساڵ لە دروشمی دژایەتی ئەمریکا و تێکچونی بژێوی خەڵک، ئێستا ئێران گەیشتووەتە خاڵێک کە ئامادەیە هەموو سەروەت و سامانی وڵات ڕادەست بکات تەنها بۆ ئەوەی هێرشی نەکرێتە سەر.
ئایا تێکدانی ژیانی نەوەیەک شایەنی ئەوە بوو کە لە کۆتاییدا بەم پێشنیازە "شەرمەزارکەرانە" کۆتایی بێت؟
ئەگەرچی دوورە ئەمریکا بەم مەرجانەش ڕازی بێت، بەڵام ئایا خستنەڕوی ئەم پێشنیازانە نیشانەی ئەوە نیە کە دیکتاتۆرەکان و بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران لەوەدایە کە هەموو شتێک بکرێتە قوربانی مانەوەی کورسییەکانیان.