بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ گەلی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل دەستکەوتی گەورەی لە دژی حەماس، حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی بەدەستهێناوە.
ناوبراو ئەو ڕەخنەگرانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن شەڕەکە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە، بە "کەسانی وەهمی" وەسف دەکات و دەڵێت؛
- "تەنها ڕۆژی ڕابردوو سەرکردەیەکی باڵای حەماسمان لەناوبرد".
- "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زۆربەی دەوڵەتی تیرۆری حوسییەکانمان لەناوبرد".
- "لە لوبنان هەر جارێک حزبوڵڵا سەری بەرز دەکاتەوە ئێمە سەرکوتی دەکەین".
- "چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گەورەترین مەترسی لەسەر بوونی ئیسرائیل لە كاتی دامەزرانیەوە پووچەڵ كرایەوە”
ناتانیاهۆ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل "زەبرێکی زۆر قورس"ی لە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی و پلانی بەرهەمهێنانی بیست هەزار موشەکی بالیستیک دا. بە وتەی ناوبراو ئامانجی کۆماری ئیسلامی "لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە"، بەڵام ئەم هەوڵە "شکستی هێناوە".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە شەڕ بەردەوام دەبێت تا "میحوەری تیرۆر بە سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی لەناو دەچێت"، هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن و "حەماس لەنێو دەچێت".