ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، پێوەری جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرە بێسنوورەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاو کرایەوە و ئەم ڕێکخراوە لەمەڕ دۆخی خراپی ئێران لەمبارەوە هۆشدارییەکی مێژوویی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان بۆ یەکەمین جار چووەتە قۆناغێکەوە کە ئازادیی ڕۆژنامەوانی "بەشێوەی زۆر دژوار" هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
بەپێی پێوەری ئەو ڕێکخراوە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە کۆی ١٨٠ وڵات، ١٦٠ وڵات دۆخی چالاکیی ڕۆژنامەوانیی تێیاندا دژوار لە قەڵەم دراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کراوە و بەپێی پێوەرەکانی ساڵی ٢٠٢٥ دۆخی ئێران بەگشتی لەنێو ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٧٦ی هەیە و لە هەر کام لە پێوەرەکانی سیاسیدا پلەی ١٧٥، لە پێوەری ئابووریدا پلەی ١٧٣، لە پێوەری یاساداناندا لە پلەی ١٧٥، لە پێوەری کۆمەڵایەتیدا لە پلەی ١٧٧ و لە پێوەری ئەمنییەتیدا لە پلەی ١٧٣ی پێڕستی ئەو ڕێکخراوەدایە.