ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە پاش سێ ساڵ لە تێپەڕینی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، هێشتا بەرپرسیارانی ئەم سەرکوتە پارێزراون.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادەن لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن سەبارەت بە کوشتن، ئەشکەنجە و تاوانەکانی دیکەی ئەو کاتە ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لەم پێوەندییەدا داوا لە دەوڵەتانی جیهان دەکات تاکوو ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە بگرنە بەر و دادپەروەری بۆ قوربانییان و بنەماڵەکانیان مسۆگەر بکەن.
ئەم ڕێکخراوە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆسییەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی وەک "تاوان بە دژی مرۆڤایەتی" لە قەڵەم داوە، ڕایگەیاندووە کە لەسێدارەدانی بەندکراوانی بزووتنەوەی ژینا لەم دواییانەدا، نیشانەی بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنە.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی سەرکوتەکانی، یاساکانی هەڵاواردن و حیجابی زۆرەملێی بە دەسبەسەرکردن، ڕێگریکردن لە خوێندن و کارکردنی ژنان و کچان سەپاندووە.
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بنەماڵەی هێندێک لە قوربانییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەهۆی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ناچار بوونە کە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و بەپێچەوانەی حەزی خۆیان ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن.
چاوەدێری مافی مرۆڤ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بۆ جارێکی دیکە داوا لە دەوڵەتانی جیهان دەکات کە سەبارەت بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لێکۆڵینەوە بکات و دۆسییەی دادوەرییان بۆ پێک بهێنێت و هەروها جەختیشی کردووەتەوە کە وڵاتانی جیهان لە بنەماڵەی قوربانییان و برینداران پشتیوانی بکەن.
کۆماری ئیسلامی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا، لانیکەم ٥٥١ کەسی کوشت، دەیان کەسی بێسەروشوێن کرد و هەزاران کەسی دیکەشی بریندار کرد و دواتریش دەیان بەندکراوی ڕەوتی بزووتنەوەکەی لە سێدارە دا.